ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمەریکا (EIA) ئاشکرای کرد کە بۆ چوارەم هەفتەی لەسەریەک، ئەمەریکا هیچ بڕە نەوتێکی خاوی لە عێراقەوە هاوردە نەکردووە. بەپێی ئامارەکانیش، کەنەدا لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەیە کە نەوت بۆ ئەمەریکا دابین دەکەن.
ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتی هەفتانەی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردووە، هاوردەکردنی نەوتی خاو لە عێراقەوە بۆ ئاستی "سفر" دابەزیوە و لە هەفتەی ڕابردوودا هیچ بارە نەوتێکی عێراقی نەگەیشتووەتە بەندەرەکانی ئەمەریکا.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کەنەدا بە ڕێژەی ڕۆژانە 3 ملیۆن و 635 هەزار بەرمیل نەوت، گەورەترین دابینکەری نەوتی خاوە بۆ ئەمەریکا. بەدوای ئەویشدا ڤەنزوێلا بە 688 هەزار بەرمیل و مەکسیک بە 480 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لە پلەکانی دووەم و سێیەمدا دێن.
ئامارەکانی EIA تێکڕای هاوردەی ڕۆژانەی نەوتی ئەمەریکای لە وڵاتانی دیکەوە بۆ هەمان ماوە بەم شێوەیە دیاری کردووە:
بەرازیل: 242 هەزار بەرمیل
کۆلۆمبیا: 141 هەزار بەرمیل
ئیکوادۆر: 103 هەزار بەرمیل
لیبیا: 8 هەزار بەرمیل
جگە لە عێراق، لەم ماوەیەدا ناوی وڵاتانی عەرەبستانی سعودییە و نایجیریاش لە لیستی هەناردەکارانی نەوت بۆ ئەمەریکا دیار نەبووە.