ڕاستەوخۆ

ئەمڕۆ لە کوردستان بە هەزاران لەیلا هەن!  

reset font size increase font size

ئامادەکردنی/ کوردستان لەزگیێڤا

 

لەیلا قاسم، کە ئەمڕۆ ناوەکەی لە دڵی ملیۆنان کورد و بەتایبەتی لە دڵی ژنانی کورددا دەژی، ٥٢ ساڵ لەمەوبەر کاتێک دژی سیاسەتی نکوڵیکردن و تواندنەوەی ڕژێمی بەعس خەباتی دەکرد و بەرەو سێدارە هەنگاوی دەنا، بوو بە سیمبولێکی بێوێنەی خۆڕاگریی لە یادەوەری گەلی کورد و کوردستاندا.

لەیلا قاسم کە لە ١٢ی ئایاری ١٩٧٤دا لەگەڵ چوار هاوڕێی دیکەی لەسێدارە درا، وەک ڕەمزێکی ناسنامە و تێکۆشانی ژنان دەناسرێت و یادی دەکرێتەوە.

لە بەهاری ١٩٧٤دا، ڕژێمی بەعس هێرشێکی بەرفراوانی دژی کورد دەستپێکرد. خێزانە کوردەکان بە زۆر لە بەغداد دەرکران، شاری قەڵادزێ بۆردومان کرا و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی شەهید بوون. ئەم بارودۆخە بوو بە وەرچەرخانێکی گرنگ لە فکر و تێکۆشانی سیاسیی لەیلا قاسمدا.

بۆ ئەوەی سەرنجی جیهان بۆ ئەو ستەمە ڕابکێشن کە لە گەلی کورد دەکرا، لەیلا قاسم و چوار هاوڕێکەی پلانی ڕفاندنی فڕۆکەیەکیان دانا. ئەو پلانە کە لەلایەن (جەواد هەمەوەندی، نەریمان فوئاد مەستی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران)ـەوە جێبەجێ دەکرا، لە ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤دا بە دەستگیرکردنیان کۆتایی هات.

دوای دەستگیرکردنیان، لەیلا قاسم و هاوڕێکانی لە زیندانەکانی ڕژێمی بەعسدا ڕووبەڕووی ئەشکەنجەیەکی زۆر سەخت بوونەوە. سەرەڕای هەموو فشارەکان، ئەوان لە قسەی خۆیان پاشگەز نەبوونەوە. گوتە بەناوبانگەکەی ئەو لە کاتی ئەشکەنجەداندا بوو بە سیمبول: "من بکوژن، بەڵام ئەم ڕاستییە بزانن: بە مردنی من، بە هەزاران کوردی دیکە بەئاگا دێن و ڕادەپەڕن."

لە بەیانی ١٢ی ئایاری ١٩٧٤دا، لەیلا قاسم و چوار هاوڕێکەی لە بەغدا لەسێدارە دران. دەگوترێت ئەو کاتێک بەرەو پەتی سێدارە دەچوو، سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب"ی دەگوتەوە. تەرمەکەی لە گۆڕستانی نەجەف بە خاکسپێردرا.

پێش لەسێدارەدانی، کاتێک لە زیندانی ئەبو غرێب لەگەڵ خێزانەکەی دیداریان ئەنجامدا، لەیلا قاسم داوای لە دایک و برای کردبوو، تاڵێک لە قژی ببڕن و جلە کوردییەکانی بپارێزن. ئەم داوایە و گوتە بەناوبانگەکەی کە دەگیوت: "کاتێک کوردستان ئازاد بوو، من دەبمە بووک"، لە یادەوەری هەموواندا نەخشێنراوە.

لەسێدارەدانی لەیلا قاسم لەو کاتەدا کاریگەرییەکی قووڵی کردە سەر کۆمەڵگەی کوردی، بە جۆرێک هەزاران خێزان بۆ زیندوو ڕاگرتنی ناوی ئەو، ناوی "لەیلا"یان لە کچەکانیان نا.

هەرچەندە زیاتر لە نیو سەدە بەسەر ئەو ڕووداوەدا تێپەڕیوە، بەڵام لەیلا قاسم لە یادەوەری گەلی کورددا وەک ژنێک دەمێنێتەوە، کە لەبەردەم مردندا سەری دانەنەواند و بە سەربەرزییەوە ڕۆیشت؛ چونکە دەیزانی گەلی کورد هەمیشە یادی دەکەنەوە و شوێنپێی دەگرن، ئەمڕۆش بە هەزاران لەیلا لە کوردستان بوونیان هەیە و ڕێگەکەی بەردەوام دەکەن.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.