ڕاستەوخۆ

یاسایەکی نوێی تاڵیبان رێگه‌ به‌ توندوتیژی خێزانی دژی ژنان ده‌دات

reset font size increase font size

تاڵیبان وه‌ك حكومڕانی ئه‌فغانستان یاسایەکی نوێی سزای دەرکردووە به‌هۆیه‌وه‌ ڕێگە بە پیاوانی وڵاته‌كه‌ی دەدات سزای جەستەیی ژن و منداڵەکانیان بدەن بە مەرجێک نەبێتەهۆی شکانی ئێسک و برینێکی کراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی 'ڕەواداری' ئه‌و بەڵگەنامەیەی ئاشکراکردووە کە بە “یاسای دادگاییکردنی تاوانکاری بۆ دادگاکان” ناسراوە.

یاسا نوێیه‌كه‌ی تاڵیبان لە 7ی کانونی یەکەمی ئه‌مساڵدا لەلایەن هیباتوڵڵا ئاخوندزادە، ڕێبەری باڵای شۆڕشەوە واژۆکراوە و تایبەتە بە دادگاکان، سێ بەش و 10 بابەت و 119 مادە لەخۆدەگرێت.

پیاو به‌ تاوانبار ناسێندرا ته‌نها 15 رۆژ زیندانی ده‌كرێت

یاساکە چوارچێوەیەکی جیاکاریی سەبارەت بە توندوتیژی دژی ژنان پەسەندکردووە. بەتایبەتی مادەی 32 كه‌ تێیدا بەئاشکرا توندوتیژی دژ بە ژنانی ئاسایی کردوەتەوەو باس لەو حاڵەتانە دەکات، پیاو تەنها کاتێک دادگای دەکرێت کە بە دارێک لە ژنەکە دەدات و ئەم کارە دەبێتە هۆی برینداربوونی سەختی وەک "برین یان کێشانی جەستەیی". تەنانەت لەمجۆرە حاڵەتانەشدا ژنان لە ئەگەری سەلماندنیدا سزای پیاوه‌كه‌ی تەنها پانزە ڕۆژ زیندانیکردنە.

 ئەم یاسایە بەئاشکرا جۆرەکانی تری توندوتیژی جەستەیی و توندوتیژی دەروونی و توندوتیژی سێکسی دژی ژنان قەدەغە نەکردووە.

یاساكه‌ی تاڵیبان: داڵده‌دانی ژن له‌لایه‌ن كه‌سوكارییه‌وه‌ تاوانه‌

بە هەمانشێوە لەمادەی 34دا هاتووە ئەگەر ژنێک بێ ڕەزامەندی هاوسەرەکەی چەندینجار سەردانی ماڵی باوکی یان کەسوکاری دیکەی بکات، ئەوا سزای سێ مانگ زیندانی دەکرێت.

هەروەها لە حاڵەتی تۆرانی ژن و نەگەڕانەوەی بۆ ماڵی هاوسەری، سزای یاسای هەر ئەندامێکی خێزانەکەی دەگرێتەوە کە ئاسانکارییان بۆ مانەوەی کردووە یان ڕێگری لە گەڕانەوەی کردووە، بەمەش پەنابردن بۆ داڵدەدانی ژن لە لایەن کەسوکاریەوە بە تاوان دادەنرێت.

دوای دەستبەسەرداگرتنی ئه‌فغانستان له‌لایه‌ن تاڵیبانه‌وه‌ لە ساڵی 2021، چالاکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان چەندینجار هۆشیاریان لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە دژی ژنان داوە.

تاڵیبان 157 فه‌رمانی دژی مافه‌كانی ژنان ده‌ركردووه‌

پێشتر نەتەوەیەکگرتووەکان له‌ ڕاپۆرتێکیدا سەبارەت بەتوندوتیژی دژی ژنان و کچان، ئاماژە بەوەكردبوو، سڕینەوەی بێبەشکردنی ژنانی ئەفغانی لە خوێندن، دامەزراندن، سڕینەوەی ژنان لە ژیانی گشتی و نەبوونی ئازادی، سەردەکێشێت بۆ ژن کوشتن.

لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان لە مانگی ئابی 2021 بۆ دەسەڵات، زیاتر لە 250 فەرمان و فەرمانی دەرکردووە، لانیکەم 157 فەرمانیان مافەکانی ژنان و کچانیان کردووەتە ئامانج.

 

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.