بەڕێوەبەری دابەشكردنی خۆراک لە سلێمانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی یەکەم سەبەتەی خۆراکی ساڵی نوێ دەکرێت و بریکارەکانی خۆراک لە سلێمانی ئاگادار کرانەوە بۆ وەرگرتنی پارەی سەبەتەی خۆراک.
بەگوێرەی ئاگادارییەک کە لەلایەن کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری دابەشكردنی خۆراک لە سلێمانی بڵاوکراوەتەوە، بریکارەکانی ناو شار ئاگادار کراونەتەوە کە ئەمڕۆ سەردانی بەڕێوەبەرایەتی خۆراکی سلێمانی بکەن بۆ دانانی بڕی پارەی سەبەتەی خۆراکی مانگی یەکی ئەمساڵ.
ئەوەش هاتووە، پارەکە بە شێوەی کاش لەلایەن بانکی جنوبی ئیسلامی لەناو بینای بەڕێوەبەرایەتی خۆراکی سلێمانی وەردەگیرێت.
بڕی پارەی داواکراو بۆ هەر هاووڵاتیەک زیادیکردووە و بووەتە هەزار و 250 دینار بۆ هەر تاکێکی خێزان، هەرێمی کوردستان لە ماوەی 18 ساڵی ڕابردوودا پارەی بەشەخۆراکی نەگەڕاندووەتەوە و بووەتە قەرزێک بەبڕی زیاتر لە 117 ملیار دینار. عێراق داوای ئەو قەرزە دەکات و لە بەرامبەردا بڕی 250 دینار لەسەر هەر هاوڵاتییەک زیاد دەکرێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو قەرزە.