بەهۆی گرژی و ئاڵۆزی دۆخی جیهان و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، بە شێوەیەکی کاتی هەندێک سزای نەوتی بەسەر ڕوسیا و وڵاتانی دیکەدا ڕادەگرێت.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم بڕیارە بە ئامانجی سەقامگیرکردنی نرخی نەوت و دۆخی ئابووری گشتییە.
ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، لە ئەنجامی گفتوگۆی بنیاتنەر لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا، ڕەنگە پێویست نەبێت دووبارە سزاکان بسەپێندرێتەوە. ناوبراو ڕایگەیاند کە هیوای ئاشتی و گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی هەیە.
وەک دەزانرێت لە مانگی شوبات و ئازاری 2014وە، دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆن لە کریمیا و سەرهەڵدانی شەڕی دۆنباس، سزاکان بە کۆمەڵ بەسەر ڕوسیادا سەپێنراون. دواتر بە شێوەیەکی بەرچاو فراوانتر بوون و لە دوای شوباتی 2022وە یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا بە شێوەیەکی سیستماتیکی سنوردارکردنەکانیان درێژ کردەوە و سزاکانیان توندتر کردەوە، لەوانەش سزات سەر کەرتە جیاوازەکان و بلۆککردنی سەروەت و سامان و گەمارۆی بازرگانی سەر ڕوسیا.