وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشدارییەکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی لە ئێران کرد، دەستبەجێ ئەو وڵاتە جێبهێڵن و لە کرانەوەی سنوورداری گەشتە ئاسمانییەکان کەڵک وەربگرن.
ئەم هۆشدارییە هەرێمی کوردستان و ناوچە سنوورییەکانی دراوسێی ئێرانیش دەگرێتەوە و باس لە ئەگەری هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران دەکات.
فەرمانگەی کاروباری کۆنسوڵخانەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەگەڵ کرانەوەی سنوورداری کایەی ئاسمانیی ئێران، پێویستە ئەمریکییەکان ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە و دەستبەجێ ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، جگە لە گەشتە ئاسمانییەکان، هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی سنوورە وشکانییەکانی ئازەربایجان، ئەرمەنستان، تورکیا و تورکمانستانەوە ئێران جێبهێڵن.
هاوکات، ئەمریکا هۆشداریی داوە، نابێت بە هیچ شێوەیەک گەشت بۆ ئەفغانستان، عێراق و ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێران و پاکستان بکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، واشنتن داوای لە هاووڵاتییانی کردبوو "بە هیچ هۆکارێک" گەشت بۆ عێراق نەکەن و ئەوانەی لەوێش نیشتەجێن، بە خێرایی بگەڕێنەوە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆکاری ئەم بڕیارە بەپەلەی بۆ بوونی مەترسیی هێرشی "گروپە چەکدارە تیرۆریستییەکانی عێراق" گەڕاندووەتەوە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پاڵپشتی دەکرێن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی باڵیۆزخانە، ئەم گروپانە پلانیان داناوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی زیاتر دژی هاوڵاتیان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە.