باخچەلی ڕایگەیاند، دەستلەکارکێشانەوەی (عیزەت ئولڤی یۆنتەر)، جێگری سەرۆکی پارتەکە، هیچ پەیوەندییەکی بە کێشە و ئاڵۆزیی ناوخۆییەوە نیە، تەنیا بۆ مەبەستی درێژەدانە بە خوێندن.
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)، جەختی کردەوە، یۆنتەر داوای مۆڵەتی کردووە بۆ ئەوەی گرنگی بە توێژینەوە زانستییەکانی بدات و گوتی، لەناو مەهەپەدا وشەی وەک تووڕەیی، دابەشبوون و کێشە بوونی نییە و ئێمە وەک یەک خێزان دەمێنینەوە.
بەگوێرەی زانیارییە دزەپێکراوەکان، یۆنتەر دوای کێشەی لەگەڵ (ئەیوب یڵدز)، ڕاوێژکاری باخچەلی، بڕیاری ڕۆیشتنی داوە، سەرچاوەیەکی تایبەتیش ئاماژە بەوە دەدات، ململانێکان گەیشتوونەتە ئاستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە جۆرێک یۆنتەر پێش دەستلەکارکێشانەوەکەی لە پۆستێکدا بێ ناوهێنان هێرشی کردووەتە سەر یڵدز و بە سیخوڕی ناو مەهەپە وەسفی کردووە.
لەبەرانبەردا، یۆنتەر هۆکاری وازهێنانەکەی بۆ پێویستییەکی کاتی گەڕاندەوە، بەڵام جەختی لەوەکردەوە هێشتا وەک سەربازێکی دڵسۆزی دەوڵەت باخچەلی دەمێنێتەوە.