وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، کورد و کەمینە ئاینی و نەتەوەیییەکانی دیکە لە ئێران ڕووبەڕووی سەرکوتکردنێکی گەورە و ئامانجدار دەبنەوە و تاران بە شێوەیەکی سیستەماتیک مافە کولتووری، زمانی و سیاسییەکانی کورد پێشێل دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ بەشی کوردیی "دەنگی ئەمریکا" ڕایگەیاندووە؛ "حکومەتی ئێران لە ناوخۆدا مافە بنەڕەتییەکان و ئازادییە سەرەکییەکانی وەک ئازادیی دەربڕین، کۆبوونەوەی ئاشتییانە و ئازادیی ئاینی پشتگوێ خستوون."
بەگوێرەی گوتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەکارهێنانی دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجە، هەوڵ دەدات دژبەران و ناڕازییان بترسێنێت و دەنگیان کپ بکات.
دەشڵێت، ئێران یەکێکە لە گەورەترین پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا و بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی، بە دڕندانەترین شێواز خەڵک سەرکوت دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە کە کورد و کەمینەکانی دیکە لە ئێران بە شێوەیەکی تایبەت دەکرێنە ئامانج، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە ئەمریکا بە بەردەوامی پاڵپشتی لە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی ئێرانییەکان دەکات، بە تایبەتی ئەندامانی کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکان لە بەرامبەر پێشێلکارییە سیستەماتیکەکان و کردە دیکتاتۆرییەکانی تاران.