سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەر هاوڵاتییەک بە بەڵگەوە دۆسیەیەکی گەندەڵی ئاشکرا بکات پاداشتی دارایی دەکرێت، دڵنیاییش دەدات کە ناسنامەی ئەو کەسانە بە تەواوی بە نهێنی دەمێنێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 9ی حوزەیرانی 2026، د. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند؛ "بە گوێرەی یاسای دەستەی دەستپاکی، پاداشتی ئەو کەسانە دەکەین کە زانیاریی دروست و بەڵگەدار لەسەر بوونی گەندەڵی لە دامودەزگاکاندا دەدەنە دەستەکەمان."
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کرد، بە مەبەستی هاندانی هاوڵاتییان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ڕێگریکردن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی، نووسراوی فەرمییان ئاراستەی سەرجەم سەرۆکایەتییەکان و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.
سەبارەت بە بڕی پاداشتەکە، د. ئەحمەد ئەنوەر ڕوونی کردەوە کە هێشتا پێوەرێکی جێگیر دیاری نەکراوە، بەڵام بڕەکەی بەپێی قەبارەی گەندەڵییەکە دەبێت؛ واتە تاوەکو ئەو گەندەڵییەی ئاشکرا دەکرێت گەورەتر بێت، پاداشتی دارایی زۆرتر دەبێت.
د. ئەحمەد ئەنوەر دڵنیایی تەواوی دایە هاوڵاتییان کە لە کاتی پێشکەشکردنی زانیارییەکاندا،پارێزگاری لە ناوی کەسەکە دەکرێت و بە هیچ جۆرێک ناسنامەی ئاشکرا ناکرێت.
بۆ ئەم مەبەستەش، دەستەی دەستپاکی سێ ڕێگەی بۆ پەیوەندیکردنی هاوڵاتییان دیاری کردووە:
پەیوەندیکردن بە هێڵی گەرمی ژمارە 1015
ناردنی بەڵگەکان بۆ ئیمەیڵی فەرمی [email protected]
سەردانیکردنی ڕاستەوخۆی بارەگا و ئۆفیسەکانی دەستەی دەستپاکی لە شارەکان.