ئەمڕۆ پێنج ساڵبەسەر هێرشە چەکدارییەکەی سەر باڕەگای پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە شاری ئیزمیر تێدەپەڕێت، کە تێیدا کچە چالاکوانی کورد، دەنیز پۆیراز گیانی لەدەستدا.
لایەنە سیاسییەکانی باکووری کوردستان و ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بەم بۆنەیەوە ڕایدەگەیێنن، کەیسی پۆیراز نموونەیەکی ڕوونی "شاردنەوەی ڕاستییەکانە" و دادپەروەری هێشتا لە تاریکیدایە.
تولایهاتیمۆغولاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە پەیامێکی فەرمیدا بە توندی ڕەخنەی لە شێوازی مامەڵەکردنی دەزگای دادی تورکیا لەگەڵ دۆسیەکەدا گرت و گوتی:
جەختی لەوەش کردەوە کە ئەوان وەک بزووتنەوەی سیاسیی کوردی، تاوەکو ئاشکراکردنی سەرجەم ئەو قەوارە و هێزانەی لە پشتی ئۆنوور گەنجەر (بکوژی دەنیز) وەستابوون، یەک هەنگاو لە خەباتی یاسایی و مەیدانی خۆیان پاشەکشە ناکەن.
هەروەها لە لێدوان و بەیاننامە جیاوازەکانی هێزە کوردییەکاندا هاتووە، کە ئامانجی سەرەکی لە هێرشەکەی 5 ساڵ لەمەوبەر، دروستکردنی ترس، لێدان بوو لە ئیرادەی سیاسیی گەلی کورد، ژنان، و تێکدانی هەر جۆرە هیوایەکی پێکەوەژیانی ئاشتیانە بوو لە تورکیادا.
لایەنەکان پێیان وایە ئەو زمانە زبر و ڕقنەی دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە دژ بە لایەنە کوردییەکان بەکاری دەهێنن، زەمینەخۆشکەر بووە بۆ ئەم جۆرە کردەوە تیرۆرستیانە، دەشڵێن دەنیز پۆیراز تەنیا کارمەندێکی حیزبی نەبوو، بەڵکو سیمبولی بەرخۆدانی ژنی کورد بوو، بۆیە کوشتنی وەک "پلانێکی پێشوەختە" سەیر دەکرێت.
دەم پارتی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دووپاتی دەکەنەوە کە کاردەکەن بۆ گەورەکردنی بەرەی ئازادی بۆ ژنان، کوردان، کرێکاران و هەموو ئەو دەنگانەی لە تورکیادا کپ دەکرێن.
17ی حوزەیرانی2021 چی ڕوویدا؟
لەو ڕۆژەدا، چەکدارێک بە ناوی ئۆنوور گەنجەر، کە دواتر دەرکەوت پەیوەندیی بە گروپە نەتەوەپەرستە توندڕەوەکانی تورکیاوە هەبووە و لە سووریاش بووە، هەڵیکوتایە سەر بینای هەدەپە لە شاری ئیزمیر.
چەکدارەکە دەنیز پۆیرازی تەمەن 38 ساڵانی کاتێک بەتەنیا لە باڕەگاکەدا بوو، بە دڕندەیی کوژرا و دواتر هەوڵی سووتاندنی بیناکەشی دا.
دادگای تورکیا دوای چەندین دانیشتنی پڕ لە گرژی، سزای زیندانی تاهەتایی بەسەر بکوژەکەدا سەپاند، بەڵام پارێزەرانی دۆسیەکە و بنەماڵەی پۆیراز هەمیشە دەڵێن دادگا ڕێگەی نەدا لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو کەس و لایەنانەدا بکرێت کە هاوکاری بکوژەکەیان کردووە.