دەسەڵاتی دادوەریی ئێران جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەسەر خۆپیشاندەرێکی دیکەدا ڕاگەیاند، ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە توندی نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر بە بەرزبوونەوەی ئامارەکانی لەسێدارەدان لەو وڵاتە دەردەبڕن.
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بڵاوی کردەوە، سزای سێدارەی مەجید ئادینە، یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ڕابردوو لە شاری کەرەج، جێبەجێ کراوە.
بە گوتەی بەرپرسانی دادوەری، ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا چەک و کەرەستەی پێبووە و پشکنینەکانیش سەلماندوویانە لەو چەکەی لێی گیراوە، تەقە کراوە؛ سەرەڕای ئەوەی لە قۆناغەکانی سەرەتاییدا تەواوی تۆمەتەکانی ڕەتکردبووەوە.
ئەم هەنگاوەی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (عەمنستی ئینتەرناشناڵ) لە ڕاپۆرتێکدا هۆشداری لەبارەی بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئامارەکانی سێدارە لە ئێراندا داوە.
هاوکات، سی وڵاتی جیهان سزاکانی لەسێدارەدانیان بۆ سەر خۆپیشاندەران لە ئێران سەرکۆنە کردووە و بە توندی ڕەخنەیان لەوە گرتووە کە تاران سزای سێدارە وەک ئامرازێک بۆ کپکردن و بێدەنگکردنی دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵک بەکار دەهێنێت.