دەزگای دادی ئێران ڕایگەیاند، سزای لە سێدارەدانی بەسەر هەریەکە لە ئەبولحەسەن مونتەزەر و وەحید بەنی عامریاندا جێبەجێ کردووە.
دوو زیندانییە سیاسییەکە پێشتر، بە تۆمەتی دژایەتیکردنی حکومەت بە چەک و ئەندامێتی لە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق تۆمەتبار کرابوون.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، شەپۆلێکی فراوانی لە سێدارەدان لە ئێران بەسەر زیندانیانی سیاسیدا جێبەجێکراوە، وەک پویا قوبادی، بابەک عەلیپوور، ئەکبەر دانشوەرکار و محەممەد تەقەوی لە سەر هەمان دۆسیە لەسێدارە دراون.
حکومەتی ئێران، لە دوای سەرهەڵدان و ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی (شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی)، سیاسەتی سەرکوتکردنی توندتر کردووە.
بەکارهێنانی تۆمەتی تیرۆر و دژایەتیکردنی حکومەت بە چەک بۆ چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی، ئامرازێکی سەرەکییە بۆ بێدەنگکردنیان لە لایەن ئێرانەوە.
هاوکات، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن کە ئەم لەسێدارەدانانە بێ ڕەچاوکردنی ڕێکارە یاساییەکانە و تەنیا بۆ ترساندنی کۆمەڵگە ئەنجام دەدرێن.