وەزارەتی گەیاندنی عێراق سەردانێکی فەرمی بۆ هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت بە مەبەستی تاوتوێکردنی کاراکردنی مۆڵەتەکانی تۆڕی نەوەی چوارەم و خزمەتگوزارییەکانی نەوەی پێنجەم (5G)، بە جۆرێک پرۆسەکە لە یەککاتدا لە هەردوو بەغدا و هەولێر دەست پێ بکات.
مستەفا جەبار سەند، وەزیری گەیاندنی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنجام بدرێت، لەگەڵ بەرپرسانی پەیوەندیدار باسی ناساندن و خستەکارنانی خزمەتگوزارییەکانی 5G دەکرێت، تاوەکو بە شێوازێکی هاوبەش و هاوکات لە پایتەخت و هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت.
وەزیر ئاماژەی بەوەش دا کە نوێنەرایەتییەکی هاوبەش پێکهێنراوە بۆ کارکردن لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان لەم بوارەدا، هاوکات ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی فراوانکردنی بژاردەکانی هێڵی ئینتەرنێت و خزمەتگوزارییە پێشکەوتووەکاندا دێت بۆ هاووڵاتییان.
جگە لە پرسی گەیاندن، لە کۆبوونەوەکاندا باس لە هێڵی ترانزێتی کێبڵی تیشکی (ڕێڕەوی گەیاندن لە بەسڕەوە بۆ ئەوروپا) دەکرێت کە بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت.
وەزارەتی گەیاندن جەخت لەسەر بەرزکردنەوەی هاوکارییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە بۆ نیشاندانی هەڵوێستێکی یەکگرتوو لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.