سوپای ئیسرائیل ڕۆژی هەینی وردەکاریی حەشارگە ژێرزەمینییەکانی عەلی خامنەیی ڕێبەری کوژراوی ئێرانی بڵاوکردەوە، کە لە حەشارگەیەکی فەرماندەیی ڕژێم و لەناو دڵی تاران دروستیکردبوو، لە بۆردومانێکی چڕدا خاپوور کرا.
بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە 28ـی شوباتی 2026، نزیکەی پەنجا فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکا و ئیسرائیل گەیشتنە ناوەڕاستی شاری تاران و ئاسمانی شارەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد، لەگەڵ یەکەم هێرشیاندا بۆ سەر ڕژێمی ئێران حەشارگە نهێنییەکەی خامنەییان بۆردومان کرد، لەو بۆردومانەشدا ڕابەری باڵا کوژرا.
عەلی خامنەیی چۆن کوژرا؟
کاتێک دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران لە شاری جنێڤی پایتەختی سویسرا شکستی هێنا، عەلی خامنەیی بڕیار دەدات کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی سوپا ڕاوێژکارەکانی خۆیدا بکات، هەر بۆیەش جوابیان بۆ دەنێرێت کە بە زووترین کات کۆببنەوە.
دوای ئەوەی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا زانیارییان پێدەگات لەسەر کۆبوونەوەکە، بەپەلە دەست بەجوڵە دەکەن و وەک ڕۆژنامەی ئورشەلیم پۆست دەڵێت، دەزگای سیخوڕیی مۆساد توانیویەتی کامێرای ترافیک لایتەکانی تاران هاک بکات و چاودێری جوڵەی خامنەیی بکات و شوێنی دیاری بکات.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە ئیسرائیل ئامرازەکانی زیرەکیی دەستکردی بەکارهێناوە، شانبەشانی ئەلگۆریتمەکان، بۆ کۆکردنەوەی بڕێکی زۆری زانیاری لەبارەی سەرکردایەتی ئێران و جوڵەکانیان .
دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل چاودێری شێوازی ژیانی خامنەیی و پاسەوانەکانی کردووە و توانیویەتی زانیارییە هەستیارەکانی وەک، ڕێگاکانی گەشت و کاتی دەرچوون و ئەو کەسانەشی بڕیارە بیان بینێت لە ڕێگەی زیرەکیی دەستکردەوە بە شێوازی نەخشە دابڕیژێت.
دوای دڵنیابوونەوە لە کاروانی ئوتومبێلەکانی خامنەیی و گەیشتنی بە حەشارگە نهینییەکەی، نزیکەی 50 فڕۆکەی جەنگی ئەمەریکا و ئیسرائیل دەگەنە سەر شوێنەکە و نزیکەی 30 مووشەک دەنێین بە شوێنەکەوە و یەکێک لە مووشەکەکان ڕاستەوخۆ بەر ئەو شوێنە دەکەوێت خامنەیی تێدابووە و کوژراوە.
وەک ئاژانسی رویتەرز لەزاری بەرپرسانی ئەمنیی ئەمەریکاوە دەیگێڕێتەوە، هەموو هەوڵەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ ئەوە بووە کە یەکەم کەس خامنەیی بۆردومان بکەن ئەوەش بۆ ئەوەی هیچ هەلێکی نەبێت بە تەواوەتی بچیتە ناو حەشارگەکە یاخود هەڵبێت.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، سوپای ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئەو حەشارگە سەربازییە ژێرزەمینییەی خامنەیی بەکاریدەهێنا دەکەوێتە ژێر بارەگای سەرکردایەتیی ڕژێم لە تاران.
وەک سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل دەڵێت “نزیکەی 40 بەرپرسی باڵای ڕژێمی ئێران لە ماوەی 40 چرکەدا کوژراون” لە نێویشیدا عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای ئێران .
جگە لە کوشتنی سەرکردەکانی ئێران سوپای ئیسرائیل دەڵێت، فڕۆکەکانیان توانیویانە سەرجەم تۆڕە ژێرزەمینیەکانی حەشارگەکە بکەنە ئامانج و باس لەوەش دەکەن حەشارگەکە لە زنجیرەیەک تۆڕی ئاڵۆز پێکهاتبوو، کە بە چەندین شەقامی گرنگی ناو تاراندا ڕۆشتبوو هەروەها چەندین دەروازەی چوونە ژوورەوە لەگەڵ ژووری کۆبوونەوە بۆ بەرپرسانی باڵای ڕژێمی ئێران لەخۆگرتبوو.
دوای هێرشەکەش دۆناڵد ترەمپ، دووپاتی کردەوە، کە ئۆپەراسیۆنەکە بە هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل بووە و بەشێکی لەسەر بنەمای زانیارییەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا بووە.