دوای هۆشداریی چۆڵکردنی حەوت شارۆچکە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ناوچەکانی باشوری لوبنانیان بۆردومان کرد و قوربانی لێکەوتەوە.
ئاژانسە فەرمییەکانی لوبنان بڵاویان کردەوە، سوپای ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر باشوری ئەو وڵاتە دەستپێکردووەتەوە. ئەم هێرشانە دوای ئەوە هاتن، سوپای ئیسرائیل فەرمانی چۆڵکردنی بۆ دانیشتووانی حەوت شارۆچکە دەرکرد.
ئاژانسی فەرمیی لوبنان ئاماژەی بەوە کردووە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ناوچەی کەفر تەبنیتیان کردووەتە ئامانج کە یەکێک بوو لەو ناوچانەی هۆشدارییەکەی پێ گەیشتبوو، بە گوێرەی ڕاپۆرتە سەرەتایییەکانیش هێرشەکە قوربانی لێکەوتووەتەوە.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاندبوو، حزبوڵای لوبنان ئاگرەبەستی پێشێل کردووە و ئیسرائیل ڕێکاری پێویست دەگرێتەبەر، داواشی لە خەڵک کرد بەرەو باکور و ڕۆژاوا بڕۆن.