بەرپرسێکی ئەمنیی ئیسرائیلی بە سکای نیوزی ڕایگەیاندووە: هێرشە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر باشووری لوبنان ئەگەر پێویست بکات تا وەرزی هاوینی ئەمساڵ بەردەوام دەبن.
بەرپرسە ئەمنییەکەی ئیسرائیل گوتویەتی: سوپای ئیسرائیل بڕیاریداوە لەمەودوا هەر کەسێک لە باشووری لوبنان بمێنێتەوە بە بێتاوان دانانرێت، ئەمەش وەک ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە هەموو جوڵەیەک لەو ناوچانەدا وەک هەڕەشە دەبینرێت و دەکرێت بکرێتە ئامانج.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، بەرپرسە ئەمنییەکەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەداوە: مەبەستی سەرەکیی هێزەکانی ئیسرائیل لە قوڵایی خاکی لوبناندا، دروستکردنی ناوچەی دابڕاوە، تاوەکو هەڕەشە لەسەر دانیشتوانی باکووری ئیسرائیل دوور بخەنەوە.
گوتوشیەتی: هیچ سنورێکی جێگیر بۆ ئەو ناوچە دابڕاوە نییە و قوڵاییەکەی بەگوێرەی پێویستیی دیاری دەکرێت، ئەگەر پێویست بکات هەشت کیلۆمەتر یان زیاتر دەچنە پێشەوە، بۆیە هەر شوێنێک لە باشووری لوبنان ببێتە هەڕەشە بۆسەر ئیسرائیل، سوپا لە لێدانی سڵناکاتەوە.