سەرۆکوەزیرانی پاکستان ڕایگەیاند، هەوڵەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوان واشنتن و تاران بەردەوامە دەشڵێت، وڵاتەکەی هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران.
ئەمڕۆ دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی پاکستان ڕاگەیاند، وڵاتەکەی هەموو هەوڵێکی خۆی تەرخان کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، جەختی لەوەش کردووەتەوە، ئاگربەستەکە هێشتا بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرچەندە هەندێک پرس هێشتا پێویستیان بە چارەسەرە، بەڵام ئیسلام ئاباد بە جدی کار بۆ لێکنزیککردنەوەی هەردوو وڵات دەکات.
شەریف گوتوشیەتی، "گفتوگۆکانی ئاشتی لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئاباد ساتەوەختێکی مێژوویی بوو".
باسی لەوەشکردووە، پاکستان لە کاتێکی زۆر هەستیاردا کە ئابووریی جیهان ناسەقامگیرە، دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا وەک ناوبژیوان ڕۆڵ بگێڕێت و میوانداریی ئەو گفتوگۆیە مێژووییە بکات.