بەڕێوەبەری گشتیی پیشەسازی و بازرگانیی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، کۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی پارێزگاکەیان گەیشتووەتە ملیارێک و 525 ملیۆن دۆلار، و تەنها لە چوار مانگی ڕابردوودا 360 هەزار تۆن کاڵا هەناردە کراوە.
محمد خەلیقی، بەڕێوەبەری گشتیی پیشەسازی و بازرگانیی سنە، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە دا کە کۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی پارێزگاکە لە چوار مانگی رابردوودا بە هاوردە، هەناردە و ترانزێتەوە، گەیشتووەتە ملیارێک و 525 ملیۆن دۆلار.
بەگوتەی ناوبراو، لەو ماوەیەدا 360 هەزار تۆن کاڵا بە بەهای 102 ملیۆن دۆلار لە پارێزگاکەوە هەناردە کراون، لە بەرانبەریشدا 44 هەزار تۆն کاڵا بە بەهای 64 ملیۆن دۆلار هاوردە کراون و لە بازاڕچە سنوورییەکانیشدا 13 هەزار تۆن کاڵا بە بەهای 22 ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی پێ کراوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا، خەلیقی جەختی لە گرنگیی پێگەی جوگرافیی پارێزگاکە کردەوە و دیاریکرد کە دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ یەکێکە لە گرنگترین دەروازەکانی پارێزگاکە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و ڕۆڵێکی باڵا و کاریگەری لەڕووی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و داهاتەوە هەیە.