ئاوات شێخ جەنگی، خوشکی لاهور شێخ جەنگی دەڵێت، بەبێ هیچ هۆکارێک ڕێگری لە گواستنەوەی دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی دەکرێت بۆ هەولێر، بۆیە دەمانەوێت دادگە سەروەر بێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی نیسانی 2026، ئاوات شێخ جەنگی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا دۆسیەی لاهور یەکلایی نەبووەتەوە و هیچمان دەستنەکەوتووە لە دادگە و دەمانەوێت ڕاستی دادگەمان بۆ دەربکەوێت.
گوتیشی، تاوەکو ئێستا دیار نییە، لاهور و پۆڵاد مانگرتنیان لە خواردن شکاندووە یان نا، بەڵام تا ئێستا پێویستیان بە پزیشک نەبووە کە بیانبینێت و تەندروستییان جێگیرە و دۆخی زیندانیکراوانی دیکەش جێگیرە.
هەر لە کۆنفرانسەکەدا، یەکێک لە پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی ڕایگەیاند، دۆسیەکە بە مەبەست لەنێوان دادگەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێت و ئاستەنگی زۆر بۆ دۆسیەکە دروست دەکرێت، تەنیا ئامانجیش لەوە زیاتر مانەوەی ناوبراوانە لە زینداندا.
گوتیشی، داواکارن یاسا وەک خۆی جێبەجێبکرێت، گەر بێتو ئەو دۆسیەیە بەم شێوەیە بە نادیاری بمێنێتەوە، ئەوا ڕێکاری یاسایی لەسەرو دادگەکانەوە دەگرنەبەر.