ئەمڕۆ دووشەممە (6ـی تەممووزی 2026)، شاندێکی باڵای ئەمنیی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری بەغدا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئەمنیی گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق ئەنجامدا، کە تێیدا پرسی ئاسایشی سنوورەکان و ڕێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران تەوەرە سەرەکییەکانی بوون.
شاندەکەی هەرێمی کوردستان سەرەتا لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆبووەوە. نووسینگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا قسە لەبارەی میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتننامەی ئەمنیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران کراوە.
هەردوولا جەختیان لە پابەندبوون بە جێبەجێکردنی تەواوی بڕگەکانی ئەو ڕێککەوتنە کردەوە، بەتایبەت لە پرسی پاراستنی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان و ڕێگریکردن لە هەر پێشێلكارییەکی ئەمنیی کە کاریگەریی خراپ بکاتە سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دیدارەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیی عێراق ئەم کۆبوونەوانەشی ئەنجامدا:
کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی هەماهەنگییە ئەمنییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییە جیاوازەکان کردەوە.
کۆبوونەوە لەگەڵ سوپاسالاری عێراق: وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەریق یەکەم روکن عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵا، سوپاسالاری عێراق کۆبووەوە و پرسی کۆنترۆڵکردنی هێڵە سنوورییەکان و هاوکاریی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقیان تاوتوێ کرد.