دەزگای ئاسایشی کۆماری ئازەربایجان بڵاویکردەوە، "چەندین کردەوەی تێکدەرانەی تێرۆریستی و هەروەها هەوڵی کۆکردنەوەی زانیاریی لەلایەن سوپای پاسداران لەو وڵاتەیان، پووچەڵ کردووەتەوە."
ئاژانسی هەواڵی حکومەتی ئازەربایجان ڕایگەیاند، دامەزراوە ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتە، بە ئامانجی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لەناو خەڵک و لێدان لە ناوبانگی نێودەوڵەتی کرابوونە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێڵی بۆری نەوتی باکۆ-تفلیس-جیهان، باڵیۆزخانەی ئیسرائیل، یەکێک لە ڕێبەرانی کۆمەڵگەی ئایینی جووەکان و کەنیسەی ئەشکەنازی بەشێک لەو ئامانجانە بوون.
پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئازەربایجان، لە دوای هێرشێکی درۆنی بۆ سەر نەخچەوان تێکچووە و ئیلهام عەلیێف، سەرۆکی ئەو وڵاتە هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی لە تاران کردووە. بەڵام دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، هاویشتنی درۆنی بۆ سەر ئازەربایجان رەتدەکاتەوە و بانگەشەی ئەوەی دەکات، ئەم کردەوانە لەلایەن ئیسرائیل و بۆ تێکدانی پەیوەندیی نێوان وڵاتانی موسڵمان ئەنجام دەدرێن.