پێشمەرگە، ئەو هێزەی ساڵانێکە هەوڵدەدرێت لە هێزێکی حزبییەوە بکرێت بە هێزێکی نیشتیمانیی و پڕچەک بکرێت. ئەمەش خواستی زۆرینەی خەڵکی کوردستانە.
نزیکەی 20 ساڵە هەموو ئەو هەوڵانەی لەو بوارەدا دراون بە ئەنجام نەگەیشتوون و دەربارەی هۆکارەکانیشی مشتومڕێکی بەردەوام لەنێوانی پارتی و یەکێتیدا هەیە، کە خاوەنی زۆرترین ژمارەی هێزی پێشمەرگەن، هەریەکە و ئۆباڵی یەکنەخستنەکە دەخەنە ئەستۆی یەکتر.
بەگوتەی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانیش، پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بە هاوکاریی هاوپەیمانان ھەنگاوی زۆر باشی بڕیوە و تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم ھێزەکانی پێشمەرگە یەکدەخرێن.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پرۆسەی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە بهردهوامه و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ سەرخستن و یەکگرتنەوەی وەک هێزێکی نیشتمانیی و یەکگرتوو.
دەشڵێ "تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم ھێزەکانی پێشمەرگە کە ژمارەیان 138 هەزارە لە چوارچێوەی 11 فیرقەی پێشمەرگە یەکدەخرێن و یەکەی 70 و 80 نامێنن.
لیوا بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێ، "دوو فەرماندەیی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دروست دەکرێن و کارەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەگوێرەی پلان بەڕێوەدەچن و بەردەوامن. ئەو دوو فەرماندەییەی دروست دەکرێن لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە دا دەبن، بە ناوی فەرماندەیی دەڤەری یەک و دوو.
دەشڵێ، "هێزەکانی هاوپەیمانان پێیان گوتین دەبێت یەکگرتوو بن و بزانن یەکگرتوویی دەتانپارێزێت و ناوچەیەکی ئارامتان بۆ دابین دەکات. ئەگەر یەکگرتوویی، یەکڕیزی و چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام نەبێت، ئەوە هاوکارییەکانمان بەردەوام نابێت.
بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێ: وەزارەتی پێشمەرگە بە ھاوکاریی ھاوپەیمانان ھەنگاوی زۆر باشی بۆ یەکخستنی پێشمەرگە ناوە و لە چوارچێوەی چەندین فیرقەی تازەدا یەکخراون.