وەزارەتی ئەوقاف ڕایگەیاند، بڕیاری کۆتایی لە سەر شێوازی گەشتی ئەمساڵی حاجیان دراوە و گەشتەکان لە ڕێگەی ئاسمانییەوە ئەنجام دەدرێن، یەکەم گەشتیش 7ـی ئەم مانگە دەبێت.
بەگوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان، دوای گفتوگۆ لەگەڵ دەستەی گشتی حەج وعومرەی عێراقی و کۆمپانیای فڕۆکەوانی عێراقی، دواجار بڕیاردرا گەشتی حاجیان لەهەردوو فڕۆکەخانەی هەولێرو سلێمانی بۆ شاری جەدەی سعودیە دەستپێبکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێککەوتی 7ـی ئایاری 2026 ، یەکەم گەشت لە فرۆکەخانەی هەولێروە دەست پێدەکات و ڕۆژی دواتریش لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە گەشتەکان ئەنجام دەدرێن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە وابڕیاربوو، گەشتی حاجییان بە رێگەی وشکانییەوە ئەنجام بدرێت.
ئەم بڕیارە نوێیە دوای نیگەرانیی بەشێکی زۆر لە حاجیان هات کە بەهۆی دووریی ڕێگە و نالەباریی بارودۆخی تەندروستییانەوە، داوایان کردبوو گەشتەکانیان بە فڕۆکە ئەنجام بدەن.