بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان و شارەزایانی کەشوهەوا ئاماژە بە گۆڕانکاریی لە کەشی ناوچەکە دەکەن و ڕایدەگەیێنن، شەپۆلێکی بەخوڕی بارانبارین و تەرزە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات و پلەکانی گەرماش بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن.
بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، بۆ ئەمڕۆ ئاسمانی هەرێمی کوردستان لەنێوان هەور و نیمچەهەوردا دەبێت و لە کاتەکانی ئێوارەدا ئەگەری خۆڵبارینێکی کەم هەیە.
هەروەها بۆ سبەینێش پێشبینی تاوەبارانی پچڕپچڕ لە هەندێک ناوچە دەکرێت، کە تێیدا گەرمیان بە 37 پلەی سیلیزی بەرزترین و حاجی ئۆمەران بە 21 پلە نزمترین پلەی گەرمایان دەبێت.
لای خۆیەوە ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاندووە، لە ڕۆژانی 15 و 16ی ئەم مانگەدا، شەپۆلێکی بەهێزی بارانی بەخوڕ و تەرزە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پێشبینی دەکرێت بڕی بارانبارین لە هەندێک ناوچەدا بگاتە 50 بۆ 70 ملیمەتر، کە ئەمەش ئاستێکی سەروو ئاساییە و دەبێتە هۆی دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما لە سەرجەم ناوچەکاندا.