کۆما جڤاکێن کوردستان جەخت لە سەر درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدانی مانگی گوڵان دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، تێکۆشانی ئەوان چرای ڕێگەی سەرکەوتنی ئازادی و دیموکراسییە.
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان( کەجەکە)، بەبۆنەی بەرزڕاگرتنی شەهیدانی مانگی گوڵان کە بە "مانگی شەهیدان" ناسراوە، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەم مانگە یادەوەریی چەندین تێکۆشەری گەورەی تێدایە، لەوانە محەمەد قەرەسونگور و ئیبراهیم بیلگین کە لە 2ـی ئایاری 1982 شەهید بوون. کەجەکە ئاماژەی بەوە کردووە، شەهید محەمەد قەرەسونگور وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە و فەرماندەیەکی کارامە، ڕۆڵێکی مێژوویی لە داڕشتنی تیۆری شەڕی گەریلایی بینی و هەروەها لە تێکۆشانی یەکێتیی نەتەوەییشدا پێشەنگ بوو و لە باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵوەستەی لە سەر یەکێتیی نەتەوەیی و هاوپەیمانیی سیاسی کردووە.
لە درێژەی راگەیەنراوەکەدا کەجەکە دەڵێت، "ئیبراهیم بیلگین یەکێک بوو لەو گەنجانەی کە لە ڕێگەی هەڤاڵ ڕەزا ئاڵتونەوە بەشداری تێکۆشان بوو و گەیشتە گۆڕەپانی ڕێبەرایەتی، هەم لەو گۆڕەپانە و هەم لە کوردستان بە شێوەیەکی چالاک بەشداریی لە خەباتەکاندا کرد و هەمیشە لە تێکۆشانماندا بۆ ئازادی بەبیردەهێندرێتەوە".
هەروەها لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا یادی ئازاد سیسەر، فەرماندەی کاریگەری گەریلا کراوەتەوە کە لە ساڵی 2016 لە ئامەد شەهید بوو، وەک سیمبولی فیداکاری و هێزی ڕێکخراوەیی ناوی بردووە.
هاوکات کەجەکە بە ڕێزەوە باسی لە کەسایەتیی دیموکرات و شۆڕشگێڕ سڕی سورەیا ئۆندەر کرد، کە لە پێناو ئاشتی و پێکەوەژیانی گەلان تێکۆشانی کرد و وەک "شەهیدی گەورەی ئاشتی" ناوی بردووە. کەجەکە جەختی کردەوە، ئۆندەر سەرەڕای کێشە تەندروستییەکانی، هەموو توانای خۆی بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" تەرخان کردبوو.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا کۆما جڤاکێن کوردستان جەختی کردەوە، گەلی کورد و تەڤگەری ئازادی هەرگیز خەون و ئامانجەکانی شەهیدانی ئایار فەرامۆش ناکەن. هەروەها بەڵێنی داوە تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک، کە ئامانجی سەرەکیی ئەو شەهیدانە بووە، تا سەرکەوتنی کۆتایی بەردەوام بێت.