سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ڕایدەگەیەنێت، عێراق چووەتە ناو قۆناغێکی نوێی سیاسی و ئابوورییەوە، هێزەکانی حەشدیش سەرقاڵی خۆڕێکخستنەوەن و ئامادەن لەژێر فەرماندەیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا کار بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ی حوزەیرانی 2026، لە 12هەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەستەی حەشدی شەعبیدا لە بەغدا، فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەکە ڕایگەیاند: "ئێستا ژمارەی هێزەکانی حەشدی شەعبی گەیشتووەتە 250 هەزار شەڕکەر."
گوتیشی "ئێمە پڕۆژەیەکی نیشتمانیین و دوورین لە تایفەگەری، بوونیشمان بۆ لەناوبردنی دەوڵەتی گەندەڵ و پشتیوانیکردنی دەوڵەتی دامەزراوەیی و یاسایە"
فالح فەیاز لە گوتارەکەیدا داوایەکی فەرمی ئاڕاستەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد بۆ ئەوەی فەرمانی گواستنەوەی سەرجەم بارەگا و سەربازگەکانی حەشد بۆ دەرەوەی سەنتەری شارەکان دەربکات.
گوتشی: "داوا لە حکومەت دەکەین سەربازگەی شایستە و جێگرەوە لە دەرەوەی شارەکان بۆ هێزەکانمان دابین بکات، ئێمەش پابەندی تەواوی یاساکانین."
ئەم داواکارییەش هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی حکومەتی نوێی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.
سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بە ململانێکانی ناوچەکەش کرد و ڕایگەیاند، دوای ئەو ناسەقامگیرییانەی بەهۆی "تاوانەکانی ئیسرائیل لە فەڵەستین و لوبنان، و هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هاتنە ئاراوە".
ئێستا حکومەتی نوێی عێراق پلانێکی نوێی بۆ پەرەپێدان و چاکسازیی ئابووری و کۆمەڵایەتی داناوە و حەشدی شەعبیش وەک هێزێکی پارێزەر لە دەوڵەت و سەقامگیریی وڵات دەمێنێتەوە.