لە دانیشتنی خۆیدا، پەرلەمانی ڕوسیا خوێندنەوەی یەکەمی ڕەشنووسی یاسایەکی پەسەند کرد، کە سزای تا پێنج ساڵ زیندانیکردن بۆ ڕەتکردنەوەی هۆلۆکۆست و سووکایەتیکردن بە یادەوەری قوربانییەکانی دەخاتەڕوو.
لە پرۆژە یاساکەدا پێشنیاری هەموارکردنەوەی مادەکانی 243.4 و 354.1ی یاسای تاوانەکانی ڕوسیا کراوە بۆ ئەوەی لەناوبردن و زیانگەیاندن یان تێکدانی گۆڕی قوربانیانی هۆلۆکۆست بە تاوان بناسرێت، هەروەها ڕەتکردنەوەی ئەو ڕاستییە و سوکایەتیکردن بە یادەوەری قوربانییەکان بە تاوان بناسرێت.
وەک پێشتر ڤیاچێسلاڤ ڤۆلۆدین، سەرۆکی پەرلەمانی ڕوسیا ئاماژەی پێکردووە، زیاتر لە 13 ملیۆن کەس بوونەتە قوربانی داگیرکاری نازییەکان، لەنێویاندا ژنان، بەساڵاچووان و منداڵان، هەروەها ئەوانەی بە زیندوویی نێژراون و لە ئۆردوگاکانی کۆکردنەوەدا ئەشکەنجە دراون و لە ئەنجامی تاقیکردنەوە پزیشکییەکان کوژراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، تەنانەت دوای هەشت دەیە، بەڵگەی تاوانەکانی نازییەکان هێشتا تۆمار دەکرێن و دادگاکانی 33 ناوچەی ڕووسیا وەک جینۆسایدی گەلی سۆڤیەت ناساندووە.
سەرۆکی پەرلەمانی ڕوسیا جەختی لەوە کردوەتەوە، هەموارکردنە پێشنیارکراوەکان پاراستنی یاسایی یادەوەری مێژوویی بەهێزتر دەکەن و بە شێوەیەکی کاریگەرتر ڕێگری لە هەوڵەکانی سپیکردنەوەی کردەوەکانی نازییەکان و زیندووکردنەوەی نازیزم دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دڕندەکارییانە هیچ پاساوێکیشیان نییە و نابێت ڕێگە بدرێت دووبارە ببنەوە.