هێزەکانی حکومەتی کاتیی سوریا، لە گوندێکی باکوری حەلەب هەڵیانکوتایە سەر ماڵی چەند هاوڵاتییەکی کورد و لە ئەنجامدا دوو کەسیان بە بیانووی پەیوەندیی بە ئیدارەی خۆسەرەوە دەستگیر کرد.
بەگوێرەی زانیاریی میدیاکانی ڕۆژاڤا، شەوی ڕابردوو، گرووپێکی چەکداری سەر بە حکومەتی کاتیی سوریا کە بە ئۆپۆزیسیۆنی نزیک لە تورکیا دناسرێن، بە چوار ئۆتۆمبێلی سەربازی و 20 چەکدارەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی نێرەبییە لە باکوری حەلەب.
چەکدارەکان بە بیانووی کارکردن لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر، پشکنینی ماڵی چەندین هاوڵاتی کوردیان کردووە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی ئەم پەلامارەدا، دوو هاوڵاتیی بە ناوەکانی عیماد عەبدولجەواد و شاهین حەکیم شاهین بۆ شوێنێکی نادیار ڕفێندراون.