ڕاستەوخۆ

چیرۆكی 40 ساڵه‌ی‌ پرۆسەی ئاشتی لە باکوری کوردستان و تورکیا

reset font size increase font size

سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان بە هەوڵە جیاوازە دیپلۆماتییەکان بزوتنەوەی ئازادیخوازیی کوردیی لە باکوری کوردستان لەگەڵ تورکیا لە گفتوگۆی ئاشتییدایە.

پرۆسەیەک تاوەکو ئێستا بەشێوازی جیاواز بەردەوامە و خاوەن دەیان چیرۆک و ڕوداوی جیاوازە.

دەستپێک لە ساڵی 1993 لە سەردەمی تورگوت ئۆزال، سەرۆک کۆماری تورکیا یەکەمین هەنگاو نرا، ئەم هەوڵە دوای شەڕێکی خوێناویی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا بە یەکەمین هەوڵی جددیی بۆ پرۆسەی ئاشتی دادەنرێت.

لە 1990 بەشێوازی جیاواز دەستیپێکرد بەڵام لە 17ی نیسانی 1993 بە کوشتنی گوماناویی تورکوت ئۆزال سەرۆککۆماری ئەو کاتی تورکیا کۆتایی هات.

قۆناغی دووەم لە ساڵی 1996 لە سەردەمی نەجمەدین ئەربەکان، سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی تورکیا دەستی پێکرد.

لەم قۆناغەدا دەسەڵاتدارانی تورکیا هیچ گفوگۆیەکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان نەبوو بەڵکو ئەربەکان هەوڵیدا لەسەر ئاستی سیاسەتی حکومەتەکەی هەندێک گۆڕانکاریی بکات بەڵام ئەمەش لە ساڵی 1997 بەتەواوەتی شکستی هێنا.

قۆناغى سێیەمى هەوڵى چارەسەرى کێشەى کورد لە (2013) وە تا (2015) لەسەردەمى ئاک پارتى دەستیپێکرد.

ئەم هەوڵەش ماوەی دوو ساڵی خایاند و دواتر لە 2015 هەتاوەکوو 2025 قورسترین هێرشە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر پارتی کرێکارانی کوردستان دەستیپێکرد.

قۆناغی چوارەمی پرۆسەی ئاشتی بە شێوەیەکی سەرەتایی لە لێدوانێکی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپەوە دەستیپێکرد کە لە كۆبوونەوەی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا لە 26ی مانگی 11 ی 2024 وتی، "چاوەڕێ دەکەین کۆبوونەوەی رووبەڕوو لە نێوان ئیمراڵی و دەم پارتی بەبێ دواکەوتن بەڕێوەبچێت."

دواتر وەفدی دەم پارتی لە 28ی مانگی 12 ی 2024 لەگەڵ ئۆجالان لە ئیمڕاڵی كۆبوونەوە و پەیامێكیان بڵاوكردەوە .

بە شێوەیەکی فەرمیش لە 27ی شوباتی 2025 دوای بڵاوبوونەوەی وێنەیەک و خوێندنەوەی پەیامێکی عەبدوڵڵا ئۆجالان لەلایەن دەم پارتییەوە پرۆسەی ئاشتی لە باکوری کوردستان و تورکیا کە عەبدولڵا ئۆجالان ناوی نا پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بە فەرمی دەستیپێکرد.

کە لەو کاتەوە چەندین دیداری بنەماڵە و پارێزەران لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجالان ئەنجام دراوە کە ماوەی نزیکەی 10 ساڵ بوو هیچ دیدارێکی لەگەڵدا ئەنجام نەدرا بوو.

ئەوە ماوەی ساڵێکیش دەبێت، ئەم پرۆسەیە بەردەوامە.

بەڵام جیاواز لە پرۆسەکانی پێشوو دەسەڵاتدارانی تورکیا خۆیان دانیان بە گرنگی پرۆسەکەدا ناوە، ئۆجالانیش دووجار په‌یامی له‌ باره‌ی پرۆسه‌وه‌كه‌وه‌ هه‌بووه‌.

لە دواین لێدوانیدا سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندبوو ئەگەر ئەم پرۆسەیە سەرکەووتوو نەبێت ئەوا دەگەڕێینەوە بۆ نێو ڕۆژە تاریکەکانی ساڵانی ڕابردوو.

لێرەشدا پرسیارەکە ئەوەیە، داخۆ تورکیا لە گێژاوی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوامیی بە پرۆسەکە دەدات یاخود وڵاتەکە بەرەو هەڵدرێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەبات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.