بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، ئەو هاوڵاتییەمان دەستگیرکرد کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر پردێک لە سنوری هەولێر، کۆمەڵێک پاشماوەی بۆ ناو پۆند و شوێنی ئاوەڕۆیەک فڕێدایە خوارەوە.
بەڕێوبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گرتە ڤیدیۆییەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبووە، کە دەردەکەوێت هاوڵاتییەک لەسەر پردێک کۆمەڵێک پاشماوەی زبڵ و خاشاک فڕێ دەداتە ناو پۆند و شوێنی ئاوەڕۆوە، دوای بەدواداچوون توانرا تۆمەتبار دەستگیربکرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر بە گوێرەی مادەی 497 لەیاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە و دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا گیراوە.
ئەوەش هاتووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر شوێنەکە لە زبڵ و خاشاک پاک کرایەوە.