پژاک لە ڕاگەیەنراوێکدا ناڕەزایەتیی خۆی بەرانبەر سڕینەوەی ناوی نوێنەرانی پارتەکەی لە "کۆنگرەی ئازادیی ئێران" دەربڕی، کە بڕیارە لە 28 و 29ـی ئەم مانگە لە لەندەن بەڕێوە بچێت.
کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، "سەرەڕایی هەبوونی گفتوگۆی ئەرێنی پێشوەختە و وەرگرتنی بانگهێشتنامەی فەرمی، لە هەنگاوێکی نا بەرپرسیارانەدا ناوی نوێنەرایەتییەکەیان، لە لیستی بانگهێشتکراوان سڕدراوەتەوە".
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، "بە گوێرەی زانیارییەکانی ناو ئەنجومەنەکە، هەردوو حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی کوردستانی ئێران ڕۆڵیان لە ڕێگریکردن لە بەشداریکردنی پارتەکەیان هەبووە و ئەم پێشهاتەی وەک ڕەفتارێکی خۆسەپێنانە ناوبردووە".
ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەم جۆرە هەڵسووکەوتانە، بازنەی ملهوڕیی ڕژێمە ستەمکارەکان بەرهەم دەهێننەوە و داوای وەڵامێکی ڕوون و ڕاست لە ڕێکخەرانی کۆنگرەکە دەکەین".