بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەولێر کۆمەڵێک ڕێنمایی گرنگی بۆ جوتیاران و شۆفێرانی دەڕاسە بڵاوکردووەتەوە تا لە وەرزی دروێنەدا پارێزراو بن.
ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەولێر بۆ وەرزی دروێنە جەخت لەوە دەکاتەوە، دەبێت دەڕاسەکان ئامێری ئاگرکوژێنەوە و تانکەری ئاویان لەگەڵ بێت و شۆفێرەکان خۆیان لە جگەرەکێشان بەدوور بگرن.
بەڕێوەبەرایەتییەکە داوایکردووە، شۆفێرانی دەڕاسە زۆر ئاگاداری هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا بن و ڕێگەی نێوان توخوبەکان و ڕێگەی چوون بۆ سەر زەوییەکان چاک بکرێت تا لە کاتی پێویستدا تیمەکانی بەرگری شارستانی بە ئاسانی بگەنە شوێنەکە.
لە کۆتاییدا جەخت لە بەردەستبوونی ژمارەی تەلەفۆنی بنکەکانی بەرگری شارستانی کراوەتەوە بۆ هەر بارودۆخێکی لەناکاو.
