وەزارەتی ناوخۆى هەرێم ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە گوایە چەکەکانی ئەمریکا دراون بە وەزارەتەکەیان و لە کۆگایەکی ئەوان لە هەولێر دانراون، گوتیشی، ئەوانەی ئەو چەکانەیان بردووە دیارە، بەڵام ڕاستیەکە دەشارنەوە.
وەزارەتی ناوخۆى هەرێم ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، لە چاوپێکەوتنێکی سەر بە میدیایەکی یەکێتی گفتوگۆ لەبارەی چەکەکانی ئەمریکا دەکەن کە گوایە دراون بە وەزارەتەکەیان و لە کۆگایەکى ئێمە لە هەولێر دانراون .
گوتیشی، ئەم قسانە سەرلەبەری هەڵبەستراو و چەواشەکارین و هیچ بنەمایەکیان نییە و دوورن لە ڕاستییەوە.
هەر لە ڕوونکردنەوەکەدا وەزارەتی ناوخۆ، دەشڵێت، ئەوانەی ئەو چەکانەیان بردووە دیارە، هەموو هەوڵێکیش دەدەن بۆ شاردنەوەی ڕاستی بابەتەکە و بە باسکردنی زیاتر وهەوڵدان بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی، چەواشەکاریی زیاتر بڵاو دەکەنەوە، بەڵام ڕۆژێک دێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، سکاڵای یاسایی لەسەر میدیاکە و میوانەکە تۆمار دەکەن و پێویستە لەبەردەم دادگا، بەڵگە بۆ ئەو چەواشەکارییانە پێشکەش بکەن، ئەگەرنا دەبێت باجی بڵاوکردنەوەی تۆمەتی هەڵبەستراو بدەن.