گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیێنێت، یەکخستنی سیستەمی ڕۆژمێری کشتوکاڵی و سیستەمی ئەلیکترۆنیی "ئەسیکۆدا"، دەبێتە قەڵغانێک بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراک، زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و ڕێگریی توند لە هاوردەکردنی قاچاخ.
قارەمان قادر، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی میدیاییدا ڕایگەیاند، هاوئاهەنگکردنی ئەم دوو سیستەمە دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە ساغبوونەوەی بەرهەمی قاچاخی وڵاتانی دراوسێ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا.
میکانیزمی کارکردنی پێکەوەیی هەردوو سیستەمەکە:
پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی: کاتێک ڕۆژمێری کشتوکاڵی زەنگی پێگەیشتنی بەرهەمێکی ناوخۆیی (وەکو تەماتەی پێنجوێن، سیدەکان یان حاجی ئۆمەران) لێدەدات، سیستەمی ئەسیکۆدا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی باج دەخاتە سەر هەمان بەرهەمی هاوردەکراو بۆ پاراستنی جووتیارانی ناوخۆ.
ڕێگریکردن لە گرانبوونی بازاڕ: هەر کاتێک ڕۆژمێری کشتوکاڵی ئاماژە بە کەمبوونەوەی بەرهەمێکی دیاریکراوی ناوخۆیی بدات، سیستەمی ئەسیکۆدا باج لەسەر ئەو بەرهەمە لادەبات تاوەکو لە دەرەوە هاوردە بکرێت و هاوسەنگیی نرخ لە بازاڕدا تێکنەچێت.
ئەسیکۆدا (ASYCUDA) چییە؟
سیستەمێکی گومرگیی ئەلیکترۆنیی جیهانییە بۆ بەدیجیتاڵکردنی ڕێکارەکانی سەر سنوور و کۆنتڕۆڵکردنی هاوردە و ناردن؛ بەستنەوەی بە ڕۆژمێری کشتوکاڵییەوە، دەسەڵاتی تەواو دەداتە حکومەت کە بەپێی وەرز و پێویستیی بازاڕ، باج لەسەر کاڵاکان کەم و زیاد بکات.