ڕاستەوخۆ

وەزارەتی نەوتی عێراق: کێشەی تەکنیکی هۆکاری ڕاگرتنی هاوردەکردنی نەوتی عێراق بووە لەلایەن ئوردنەوە

reset font size increase font size

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت بۆ ئوردن کە لە مانگی کانوونی یەکەمی 2025ەوە دەستی پێکردووە، بەهۆی "کێشەی تەکنیکی و نەگونجانی پاڵاوگەکانی ئەو وڵاتە" بووە لەگەڵ جۆری ئەو نەوتەی کە بەغدا پێشکەشی دەکات.

سەلیم ڕیکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە میدیا فەرمییەکانی ڕاگەیاند: "ڕاگرتنی هەناردەی نەوت بۆ ئوردن دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی تەکنیکی تایبەت بە تایبەتمەندییەکانی نەوتی خاو و پاڵاوگەکانی ئوردن؛ پێشتر نەوتی خاوی سووکی کەرکووک بە ئوردن دەدرا کە گونجاو بوو بۆ کارەکانیان، بەڵام ئێستا بڕی پێویست لەو جۆرە نەوتە بەردەست نییە."

گوتەبێژەکەی وەزارەت ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق نەوتی خاوی ناونجیی بەسرەی وەک جێگرەوەیەک بۆ نەوتی کەرکووک پێشکەشی لایەنی ئوردنی کردووە، بەڵام ئوردن ڕایگەیاندووە کە پاڵاوگەکانیان توانای پرۆسەکردن و پاڵاوتنی ئەم جۆرە نەوتەیان نییە.

لە ماوەی 11 مانگی یەکەمی ساڵی 2025دا، ئوردن نزیکەی 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی کەرکووکی لە عێراق کڕیبوو، کە نزیکەی 7%ی پێداویستییەکانی ئەو وڵاتەی پڕ دەکردەوە.

ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئوردن لە کاتێکدایە کە هەناردەی گشتیی نەوتی عێراق بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و تێکچوونی ڕێڕەوە دەریاکانەوە لە تنگەی هورمز لە سەرەتای ئەمساڵدا تووشی پەککەوتن ببوو. بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا وەزارەتی نەوت ڕایگەیاندبوو کە هەناردەی نەوت وردە وردە بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت و گەیشتووەتە تێکڕای 2.7 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە مانگانە داهاتی نێوان 4.5 تاوەکو 5 ملیار دۆلار دابین دەکات.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.