ڕاستەوخۆ

وتارێکی مەلا‌یەکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی ئێزدییەکان کاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێنا

reset font size increase font size

بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەکی وتاربێژێکی ئایینیی خەڵکی بانه لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە تێیدا سووکایەتی بە پێکهاتەی ئێزدی دەکات و بانگەشەی کوشتنیان دەکات، کاردانەوەیەکی گەورەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە و ناوەندە فەرمی و ئایینییەکانی هەرێمی کوردستانیش ئاگادارییان لەسەر داوە.

لەو ڤیدیۆیەدا کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بڵاو بووەوە و هاوکات بوو لەگەڵ یادی ١٢ ساڵەی جینۆسایدی ئێزدییەکان لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە، ڕامین ساڵح زادە، مەلایەکی خەڵکی بانه، لە گوتارێکدا دەڵێت: "ئێمە ئێزدییەکان بە بێباوەڕ و گڵاو دەبینین، سوێند بە خودا ئەگەر دەرفەتمان هەبێت، بۆ یەک چرکەش ناهێڵین لەسەر ئەم زەمینە بژین."

ئەم لێدوانە توندڕەوانە کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە؛ لەوانە بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش، کە ناوەندێکی سەرەکیی ئێزدییەکانە، بە توندی ئیدانەی ئەم قسەیان کرد و ڕایگەیاند کە ئەم جۆرە گوتارانە هەڕەشەن بۆ سەر پێکەوەژیانی ئاشتییانە و شیرازەی کۆمەڵایەتی.

لەلای خۆیەوە، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە توندی سەرکۆنەی بەکارهێنانی ئەو زمانە ناسەلمێنراوەی دژی پێکهاتەکان کرد و جەختی لەسەر کولتووری برایەتی، خۆشەویستی و پێکەوەژیانی ئاینی لە هەرێمی کوردستان کردەوە، ئاماژەی بەوەش دا کە وەزارەت مافی خۆیەتی لە کاتی پێویستدا ڕکاری یاسایی بگرێتە بەر.

شایەنی باسە، ئێزدییەکان پێکهاتەیەکی ڕەسەنی ناوچەکەن کە سەرەڕای تێپەڕبوون بە چەندین کارەساتی مێژوویی و بەتایبەت کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ٢٠١٤ی داعش، هێشتا پارێزگارییان لە ئایین و کەلتووری خۆیان کردووە.

لە کاتێکدا یاسای سزادانی ئێرانی سووکایەتیکردن بە کەمایەتییەکان قەدەغە دەکات، بەڵام دەستووری کۆماری ئیسلامی تەنها جوولەکە، زەردەشتی و مەسیحییەکان وەک کەمایەتیی ئایینی دەناسێت.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.