لە نوێترین ڕاپۆرتیدا، تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPTـی ئەمریکی سەبارەت، بە هێرشەکانی یەک مانگی ڕابردوو بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەگەڵ دەستپێکی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی لە عێراق دەستیانکرد، بە هێرشکردنە سەر کونسوڵخانە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا، کامپ و بارەگاکانی حزبە کوردییەکان، بارەگاکانی وەزارەتی پێشمەرگە، کێڵگە نەوتییەکان، ستونی هێڵەکانی پەیوەندیکردن، باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون، شوێنە گشتییەکان و دامەزراوە حکومیی و ناحکومیەکان.
ئاماژە بەوەشکراوە، تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPTـی ئەمریکی تەواوی هێرشەکانی سوپای پاسداران و گروپە هاوپەیوەندەکانی لە عێراقدا بۆسەر هەرێمی کوردستانی عێراق و کاریگەرییان لەسەر هاوڵاتییانی مەدەنی تۆمارکردووە و ڕاستاندنی بۆ هێرشەکان کردووە.
لە ڕاپۆرتەکەی CPTدا هاتووە، زۆربەی هێرشەکان بۆ سەر پارێزگای هەولێر بوون کە ژمارەیان 370 هێرش بووە، 90 هێرش بۆ سەر پارێزگای سلێمانی بووە و پارێزگای دهۆکیش 11 هێرشیکراوەتە سەر، هەروەها پارێزگای هەڵەبجەش کەمترین هێرشی تێدا تۆمارکراوە کە تەنیا سێ هێرش بووە.
ئەوەش هاتووە، لە یەک مانگی جەنگەکەدا، کونسوڵخانەی ئەمریکا و بارەگا سەربازییەکانی لە هەرێمی کوردستان 181 جار بە ئامانجگیراون، حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان 121 جار هێرشیان کراوەتە سەر و شوێنە مەدەنی نشینەکان و دامەزراوە مەدەنییەکان و بارەگاکانی وەزارەتی پێشمەرگەش کە لایەنی بەشدار نین لەم شەڕە، 172 هێرشیان کراوەتە سەر.
لە ڕاپۆرتەکەی CPTدا هاتووە، زۆربەی هێرشەکانی سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆک، لەلایەن گورپە میلیشیا و هاوپەیوەندەکانی ئێران لە عێراقدا ئەنجامدراون. ئەمە لە کاتێکدا زۆرینەی هێرشەکانی سەر پارێزگای سلێمانی ڕاستەوخۆ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ئەنجامدراون. لە 474 هێرش، 359 هێرشیان لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ ئەنجامدراون، 104هێرشی دیکەیان لە ڕێگەی موشەکەوە بووە و 10 هێرشیش لە ڕێگەی تۆپبارانەوە بووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوونکراوەتەوە، سەرباری زیانی گیانی، بەهۆی هێرشەکانەوە بەلایەنی کەمەوە زیان بەر 46 خانووی هاوڵاتی مەدەنی کەوتووە و 32 ئۆتۆمبێلی خەڵکی مەدەنیش زیانیان پێگەیشتووە، مەترسی هێرشەکانیش بووەتە هۆی وەستاندنی خوێندن لە قوتابخانە و خوێندنگا و پەیمانگا و زانکۆکان.