نوسەر و چاودێرێكی سیاسی لەبارەی دۆخی شنگالەوە دەڵێت، عەقڵییەتی بەڕێوەبەریی عێراق دژی خۆبەڕێوەبەرییە و لەگەڵ تورکیا کەوتووەتە ناو پیلانگێڕییەوە دژی خەڵکی شنگال.
عادل عوسمان دەشڵێت، پێویستە بۆ پاراستنی شنگال هاوڵاتیان هاوشێوەی پشتیوانییەکانی ڕۆژاڤا ڕوو بکەنەوە شەقامەکان.
ئاماژە بەوەشدەکات، ئەو هێزانەی یارمەتیدەری داعشن و خاوەنی هەمان زهنییەتن وەک تورکیا، دەیانەوێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کورد پاکتاو بکەن، هەمیشە دژی شنگالیش لە پلانگێڕیدان و نایانەوێت شنگال لە ئارامیدا بێت.
دەربارەی ڕۆڵی عێراق عادل عوسمان دەڵێت، عێراق کەوتووەتە ناو پلانگێڕییەوە لەگەڵ تورکیا دژی گەلی شنگال، عەقڵییەتی بەڕێوەبەریی دەوڵەتی عێراق دژی فیدڕاڵییەتە و خۆبەڕێوەبەریی شنگال ئیرادەی سەربەخۆی خۆی هەیە و تایبەتمەندی خۆی دەپارێزێت، بۆیە بە مەترسیی بۆسەر خۆیانی دەزانن.
دوای هەڕەشەکانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر شنگال، عێراقیش جموجۆڵی سەربازیی لە سنوری شنگال دەستپێکردووە، بۆ ئەوەش خاڵی سەربازیی درووستکردووە و هەڵمەتێکیشی بۆ چەککردنی ئەو ئێزدییانە دەستپێکردووە، کە بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان چەکیان هەڵگرتووە.