نادیە موراد لەلایەن ئیمانیۆل ماکرۆنەوە مەدالیای ڕێزلێنانی فەڕەنسای پێبەخشرا. ناوبراو یەکەمین هاوڵاتیی ئێزیدی و عێراقە ئەو ڕێزلێنانە وەربگرێت.
ئەمڕۆ نادیە موراد کچە کوردی ئێزیدی کە خۆی وەک ڕزگاربووی دەستی داعش دەبینێت، لە کۆشکی ئێلیزێی پاریس مەدالیای "لەشکری شەرەف"ـی لە لایەن ئیمانیۆل ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنساوە پێبەخشرا.
ئەم خەڵاتە گەورەترین پلەی ڕێزلێنانی نیشتمانیی فەڕەنسایە و نادیە مورادیش وەک یەکەم هاوڵاتیی ئێزیدی و عێراق دەبێتە خاوەنی ئەو نازناوە.
لە میانی مەڕاسیمەکەدا نادیە موراد ڕایگەیاند، "ئەم شەرەفە تەنها بۆ من نییە، بەڵکو بۆ هەموو ڕزگاربووێکە کە قسەی کردبێت و باسی لەو تاوانانە کردبێت کە بەرانبەری کراوە. بۆ هەموو ئەوانەشە کە بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی".
مەدالیای لەشکری شەرەف بەرزترین پلەی نیشتیمانیی فەڕەنسایە کە دەبەخشرێتە ئەو کەسانەی، بە چالاکییەکانیان خزمەت بە شکۆ و بەهاکانی مرۆڤایەتی و دادپەروەریی دەکەن.