مامۆستایان و خوێندکارانی شاری حەسەکەی ڕۆژاوای کوردستان ڕادەگەیەنن کە زمانی کوردی بەشێکی سەرەکی و بنەڕەتییە لە ناسنامە و کولتووری گەلی کورد، لەبەر ئەوەش پێویستە لە دەستوور و سیستمی پەروەردەدا بە فەرمی بناسرێت و دەستەبەر بکرێت.
لەم چوارچێوەیەدا، مامۆستایانی زمانی کوردی و خوێندکاران لە شاری حەسەکە، ڕەخنە لە سیاسەتی پشتگوێخستنی زمانی کوردی دەگرن و جەخت لەسەر گرنگیی پاراستنی ئەم زمانە وەک بنەمای چاند و بوونی کوردی دەکەنەوە، بە تایبەتی کە ئەم زمانە دوای بەدەیان ساڵ لە قەدەغەکردن، لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژاڤادا هاتووەتە ناو قوتابخانە و دامودەزگاکانی پەروەردەوە.
مامۆستا ژیندا ئەحمەد و مامۆستا میدیا عەلی، ڕەخنە لە حکومەتی کاتی سوریا بەرانبەر بە زمان و مافەکانی گەلی کورد و دژی لادانی نوسینی کوردی لەسەر تابلۆی باڵەخانەی دادگای حەسەکە دەوەستنەوە.
ئەو مامۆستایانە داوا دەکەن کە زمانی دایک وەک مافێکی بنەڕەتی لە بواری پەروەردە و دەستووردا ببێتە زمانێکی فەرمی و جەختیش دەکەنەوە کە پێویستە تەواوی پێکهاتەکانی سوریا بە چاند و زمانی دایکی خۆیان بژین.
لە هەمان کاتدا، خوێندکارێک بە ناوی جاندا ڕەمۆ ئاماژە بەوە دەکات کورد بۆ پاراستنی زمانی خۆی باج و قوربانیی گەورەی داوە، لەبەر ئەوەش ئەوان قبووڵ ناکەن کە زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا وەک زمانێکی فەرمی نەناسرێت.
هاوکات بە ناوی خوێندکارانی ناوچەکەشەوە ڕایگەیاند کە ئەوان ڕەتکردنەوەی زمانی کوردی سەرکۆنە دەکەن و لەسەر خۆپێشاندان و چالاکییە مەدەنییەکانی خۆیان بەردەوام دەبن، تا ئەو کاتەی زمانی کوردی بە فەرمی لە سیستمی فێرکردندا پەسەند دەکرێت.