مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی هێرشە موشەکییەکانی ئەمڕۆی بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە بڵاوکردەوە و دەڵێت، "هەموو ڕێکارێکی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە دەگرینەبەر".
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "هێرشی دوژمنکارانەی غەدر و خیانەتی شەوی ڕابردوو بۆ سەر بارەگاکانی پێشمەرگە شەرمەزار و سەرکۆنە دەکەین، کە بەهۆیەوە شەش پێشمەرگە شەهید و 30ـی دیکەش بریندار بوون.
دەشڵێت، "هەموو ڕێکارێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دوژمنکارییەی دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان دەگرینەبەر و داوا لە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم سنورێک بۆ ئەم هێرشە دوژمنکارانەی سەر هەرێمی کوردستان دابنێن".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بارەگاکانی فیرقەی 7ـی سەر بە فەرماندەی دەڤەری یەک بە مووشەک کرانە ئامانج و لە ئەنجامدا شەش پێشمەرگە شەهید و 30ـی دیکەش بریندار بوون. وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت: "هەموو مافێکیان هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژیەک کە دەکرێتە سەر گەل و خاکەکەمان."