وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، مانگانە دوو بوتڵ غازی ماڵان بە کارتی ئەلکترۆنی و بە هەشت هەزار و 500 دینار بۆ هەر بوتڵێک دەدرێتە هاوڵاتییان.
وەزارەتەکە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی هەڵکشانی نرخی غازی شلی ماڵان و وەکو هەنگاوی یەکەم لە پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ لە ڕێگەی بریکارەکانی غازی گەڕۆکەوە و بە کارتی ئەلکترۆنی، دەست بە دابەشکردنی غاز بۆ ماڵان کرا.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، مانگانە هاوڵاتییان دەتوانن لە رێگەی ئەم سیستمەوە بە کارتی ئەلکترۆنی دوو بوتڵ غاز بە نرخی فەرمیی بە هەشت هەزار و 500 دینار لە ڕێگەی بریکارەکانی غازەوە وەربگرن.
لە سەرەتای هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کۆمپانیای دانەغاز ڕایگەیاند، بە مەبەستی پاراستنی گیانی کارمەندەکانی، بەرهەم هێنانی غاز ڕادەگرێت، ئەمەش بووە هۆی کەمیی و گرانی نرخی غازی ماڵان.