وەزارەتی کشتوکاڵ وادەی قەدەغەکردنی ڕاوەماسی بۆ ئەمساڵ راگەیاند و بە گوێرەی بڕیارەکە، لە سبەینێوە 15ی ئازار دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری ڕایگەیاندوە، پاڵپشت بە یاسای ژمارە 48 بڕیارماندا بە قەدەغەکردنی ڕاوەماسی لە 15ی ئازار تاوەکو 15ی حوزەیران.
ئاماژەی بەوەش کردووە، بەکارهێنانی کارەبا، ماددەی ژەهراوی، تەقەمەنی و تۆڕی کونی ورد لە هەموو وەرزەکاندا بە توندی قەدەغەیە و سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی یاسا دەبنەوە.
دەشڵێ، ڕاوەماسی لە هەموو چەم، ڕوبار و دەریاچەکانی هەرێمی کوردستان قەدەغەیە. ئەم بڕیارە بە مەبەستی پاراستنی سامانی ماسییە لە وەرزی زاوزێدا، بۆ ئەوەی ڕێگری لە کەمبوونەوەی ئەم سامانە نیشتمانییە بکرێت.