ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەئاوییەکانی هەرێمی کوردستانی کرد و بە جیا لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەکانی بەنداوەکان و کشتوکاڵ کۆبوویەوە.
لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەنداوەکاندا داوایکرد، پلانێک ئامادەبکرێت بۆ ساڵانی کەمبارانی و وشکەساڵی لە پێناو کۆگەکردنی باراناوی پێویست و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی بێئاویی.
هاوکات داواشیکرد، پلانێک ئامادەبکەن بۆ کەڵکوەرگرتن لە بەنداوەکان، وەک ناوچەی گەشتیاریی. ئامادەیی خۆشی بۆ هەر جۆرە هاوکاریی و هەماهەنگییەک دەربڕی.
لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەکانی کشتوکاڵیش ڕایگەیاند، بەهۆی ستراتیژیی وەزارەتەکە، هەرێمی کوردستان لە هاورەدەکارەوە بووەتە بەرهەمهێنەر و تەنانەت هەناردەکاریش.
لە بارەی پرسی گەنمی جوتیارانیش ئاماژەی بەوەکرد، پرسی جوتیاران و مافەکانیان لە پێشینەی کارەکانیان دەبێت لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق تا بەری ڕەنج و ماندووبوونی جوتیاران نەفەوتێت.