ئیمانوێل ماکرۆن و دۆناڵد توسک ڕایانگەیاند، هەردوو وڵات لەسەر ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازیی هاوبەش ڕێککەوتوون، کە سیستمی ڕێگریی ئەتۆمیش دەگرێتەوە.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکی فەڕەنسادایە بۆ بەهێزکردنی سەروەریی ئەوروپا و بەشداریکردنی هاوپەیمانان لە بەرگریی ئەتۆمیی کیشوەرەکەدا.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری گدانسک ڕایگەیاند، پاریس و وارشۆ تاوتوێی ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازیی هاوبەش دەکەن. ماکرۆن ئاماژەی بەوە کرد، ئەم مانۆڕانە "ئاڵوگۆڕی زانیاری و توخمەکانی ڕێگریی ئەتۆمی" لەخۆ دەگرن.
دۆناڵد توسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ ئەم دەستپێشخەرییە دەربڕی و ڕایگەیاند. "بڕیارمان داوە بچینە نێو ئەو گرووپە وڵاتانەی کە فەڕەنسا بانگهێشتی کردوون بۆ هاوکاریکردن. ئەمە کۆمەڵێک دەوڵەتن کە لە پێویستیی سەروەریی ئەوروپا تێدەگەن".
ئەم لێدوانەی توسک ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی ستراتیژیی لە سیاسەتی بەرگریی پۆڵەندا بەرەو هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ هێزە ئەوروپییەکان.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری پۆلیتیکۆ، ئەم مۆدێلە نوێیەی هاوکاریی سەربازی تەنیا فەڕەنسا و پۆڵەندا ناگرێتەوە، بەڵکو وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، یۆنان، هۆڵەندا، بەلجیکا، دانیمارک و سویدیش دەگرێتەوە. ئامانجی سەرەکیی ئەم هاوپەیمانێتییە دروستکردنی قەڵغانێکی بەرگریی بەهێزە لە ئەوروپا کە بتوانێت لە ئەگەری هەر هەڕەشەیەکدا، پشت بە تواناکانی ناوخۆی کیشوەرەکە ببەستێت.