پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، بەهۆی ڕەوشی ناوچەکەوە، ئەمساڵ هیچ مەراسیمێکی فەرمی ساز ناکەن، بەڵام هاوڵاتیان ئازادن لە ئەنجامدانی کەرنەڤاڵی جەماوەری و کردنەوەی ئاگری نەورۆز.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، ئەمساڵ وەک پارێزگا هیچ مەراسیمێکی فەرمی ساز ناکەن، بەڵام هاوڵاتیان ئازادن لە ئەنجامدانی کەرنەڤاڵی جەماوەری و کردنەوەی ئاگری نەورۆز، بەو مەرجەی پابەندی ڕێسا و پاراستنی ئارامی بن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ڕۆژانی پشووی جەژنی ڕەمەزان و نەورۆزدا پلانێکی تۆکمەیان بۆ پاراستنی ئارامی و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان داناوە.
گوتیشی، هەموو فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان، نەخۆشخانەکان و دەزگا فریاگوزارییەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و بەبێ پشوو کار دەکەن. جەختیشی کردەوە هێزە ئەمنییەکان لەوپەڕی هەماهەنگیدان بۆ پاراستنی سەقامگیریی پایتەخت.