لە پێشهاتێکی نوێی دۆسیەی بێسەروشوێنبوونی کچە خوێندکار "گوڵستان دۆکو"، تونجای سۆنەل، پارێزگاری پێشووی دێرسیم، بە تۆمەتی تێوەگلان لە شاردنەوە و گۆڕینی بەڵگەکانی تاوان ڕەوانەی دادگای ئەرزەڕوم کرا.
تونجای سۆنەل، دوای دەستگیرکردن و تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس، بەیانی ئەمڕۆ لە ژێر ڕێوشوێنی توندی ئەمنیدا گواسترایەوە بۆ دادگای ئەرزەڕوم.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی دێرسیم لە نووسراوێکی فەرمیدا بۆ داواکاری گشتیی ئەرزەڕوم، جەختی لەوە کردەوە کە بەڵگەی پێویست و باوەڕپێکراو لەبەردەستدان کە دەیسەلمێنن سۆنەل تێوەگلاوە لە تاوانی لەناوبردن، شاردنەوە یان گۆڕینی بەڵگەکانی تاوان لە کەیسی گوڵستان دۆکوودا.
بە گوێرەی زانیارییەکان، ناوبراو ڕۆژی 17ـی نیسان لە شاری خارپێت دەستگیر کراوە و دوای درێژکردنەوەی ماوەی دەستبەسەرکردنەکەی، ئەمڕۆ لە ژێر ڕێوشوێنی توندی ئەمنی گەیەندرایە بەردەم دادوەر بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی دادگاییکردنی.