سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم دەڵێت، بەهۆی نەبوونی یەکگرتوویی لە نێوان لایەنە کوردییەکاندا، هیچ ڕووبەرێک بۆ کێشە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە کارنامەکەی عەلی زەیدیدا نییە.
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لە پەیامێکدا لە بارەی ناوەرۆکی کارنامەی حکومەتی داهاتووی عێراق نوسیویەتی، بەهۆی ئەوەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کورد یەکگرتوو و یەکدەنگ نەبوون، کارنامەی چوار ساڵی داهاتووی حکومەتی عێراق، هیچ ڕوبەرێکی بۆ کێشە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، تەرخان نەکردووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، پێویستە هەموو هێزەکانی کوردستان درک بەو ڕاستییە بکەن، کە ئەم کارنامەیە نەخشەڕێگای چوارساڵی داهاتووە و وەرەقەی مامەڵەکردنی حکومەتی نوێیە لەگەڵ سەرکردایەتی کورد و حکومەتی هەرێمدا.
دەشڵێت، پێویستە ئەم قۆناغە تێپەڕێنرێت و پرسی خاک و دەستکەوتەکان خەڵک، هێز و لایەنە سیاسییەکان یەک بخات.
فەهمی بورهان، باسی لەوەش کردووە، ئەرکی پەرلەمانتارانی کوردە، کە لە کاتی هاتنی کارنامەکە بۆ پەرلەمان، لە چوارچێوەی دەستوری بڕیارلێدراودا پارێزگاری لە ماف و دەستکەوتەکان بکەن.