فەرمانگەی میدیا و زانیاریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ـەوە، بە چاودێریی ئیدارەی سەپێنراوی شارەکان سیاسەتی تەعریب و بە عەرەبکردن لە سنووری مادەی 140 دەستی پێکردووەتەوە.
دەشڵێ، لە سنووری مادەی 140 گۆڕانکاری گەورە لە پۆستە کارگێڕییەکان کراوە و دەیان پۆستی باڵا لە کورد سەندراونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوه و بڕیارەکانی حکومەتی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان جێبەجێنەکراون.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی باسی لە گۆڕینی سنووری دیمۆگرافیای یەکە کارگێڕییەکان لە کەرکوک، خانەقین، گوڵاڵە و شنگال کردووە و رایگەیاندووە، "راگواستنی دانیشتووان و هێنانی عەرەبی هاوردە زیادکردنی ژمارەی عەرەب و کەمکردنەوەی ژمارەی کورد" ئەنجام دراوە".