وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، دوای پێشهاتەکانی ئەم دواییە لە سوریا، رەهەندێکی دیکەی هەمان پرس لە عێراق بەڕێوەدەچێت و دوای تەواوبوونی دۆسیەی سوریا، نۆرەی عێراق دێت.
هاکان فیدان لە میانەی گفتوگۆی لەگەڵ بەشی تورکی کهناڵی سی ئێن ئێن وتی، هیوادارم دوای کۆتایی هاتنی پرسەکانی سوریا، عێراق وانە لەم دۆخە وەربگرێت و بڕیارێکی ژیرانە بدات بۆ ئەوەی قۆناغی راگواستن لەم وڵاتە ئاسانتر بێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە قسەکانیدا کە مەبەست لێی، پرسی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک) بوو رایگەیاند، پرسی هێزەکانی پهکهکه، لە داهاتووی عێراقدا دەبێتە پرسێکی زۆر گەورە و حکومەتی عێراق ناچار دەبێت ئیرادەی خۆی بەرامبەر بە پەکەکە نیشان بدات.
ههروهها هەڕەشەی سەربازی لە شنگال کرد و وتی، شنگال لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە دەورە دراوە، ئەگەر حەشدی شەعبی لە زەوییەو پێشڕەوی بکات و ئێمەش لە ئاسمانەوە هێرش بکەین، لە ماوەیەکی کورتدا دەتوانین کارەکە تەواو بکەین.
هەڕەشە و دەستێوەردانەکانی هاکان فیدان لە کاتێکدایە، پارتی کرێکارانی کوردستان، لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو لە ١٢یەمین کۆنگرەی خۆیدا، کۆتایی بە هەموو ئەو چالاکییانە هێنا کە بەناوی پهکهکه دەکران و خۆی هەڵوەشاندەوە.